لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، مامۆستا عەبدوڕڕەحمان پیرانی ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح وێڕای بەخێرهاتنی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی پارێزگای کوردستان، هەوڵی دڵسۆزانەی ئەندامانی وەک سەرمایێکی مەعنەوی هەژمار کرد کە لە دونیا و قیامەتدا جێی ڕەزامەندی خودای گەورەیە. پیرانی بە ئاماژەدان بە ئایەتی ٢٤ی سووڕەتی ئەنفال، جەختی لە گرنگی وەڵامدانەوەی بانگەوازی خودا و پێغەمبەری ئیسلام کردەوە و وتی: قوڕئان بانگی مرۆڤەکان دەکات بۆ ژیانێکی باشتر لە ژیانی ماددی؛ ژیانێک کە بە ئیمان و عەقڵی تەندروست و ڕەوشتی جوامێرانە و دادپەروەری خوایی پێک دێت و بەختەوەریی دونیا و قیامەت دەستەبەر دەکات”.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: وەحی و قوڕئان و سوننەتی پێغەمبەری ئیسلام، سەرچاوەی ئەم ژیانە ڕاستەقینەیە و دڵەکان لە کەمتەرخەمی و بێ‌ئامانجی ڕزگار دەکات. ئەمینداری گشتیی جەماعەت هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە خودا لە نێوان مرۆڤ و دڵی دایە و ئەم نزیکییەش بەرپرسیارێتی وریایی و هەڵبژاردنی هۆشیارانە دوو هێندە دەکات. نزای پێغەمبەری ئیسلام بۆ بەهێزکردنی دڵەکان لەسەر ئایینی خودای وەک نموونەیەک لە پێویستیی وریایی بەردەوام لە ژیانی ئیمانیدا زانی و جەختی لەوە کردەوە کە ئازادی هەڵبژاردنی مرۆڤ بەنرخترین دیاری ئیلاهییە. لە کۆتاییدا ئیسلام وەک جەوهەری هەموو ئایینە ئیلاهییەکان و قوڕئان وەک گشتگیرترین سەرچاوەی بنەماکانی بانگەوازی و هەڵسوکەوت لەگەڵ خەڵک تا ڕۆژی قیامەتی ناساند. شایانی باسە بەم زوانە دەقی وتەکانی ئەمینداری گشتیی جەماعەت لە “ئیسلاحوێب” بڵاو دەکرێتەوە.
لە درێژەی ئەم کۆبوونەوەیەدا یەعقووب خۆرسەند بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی ناوەندیی جەماعەت جەختی لە پێویستیی یەکگرتوویی و هەماهەنگی لە پێکهاتەی جەماعەتدا کردەوە و پەیوەندی نێوان ناوەند و پارێزگاکانی تەنیا بە پەیوەندییەکی دەستووری نەزانی، بەڵکوو بە پەیوەندییەکی تەواوکەر و هاواهەنگی زانی. بە ئاماژەدان بە فەرموودەی پێغەمبەر ئیسلام(صلی اللە علیە وسلم) سەبارەت بە یەکڕیزی و هاودڵی باوەڕداران، وتی کە هەر پارێزگایەک بەشێکە لە پێکهاتەی جەماعەت و تەندروستی و چالاکبوونی، لەسەر تەواوی جەماعەت کاریگەری دەبێت.
سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی ناوەندیی جەماعەت، پارێزگای کوردستانی وەک یەکێک لە پارێزگا کاریگەرەکان ناوبرد و توانای مرۆیی و ئەزموونی ڕێکخراوەیی و ڕۆحی بەرپرسیارێتی ئەندامانی بە سەرماییەکی بەنرخ زانی کە دەتوانێت ببێتە نموونە و ئیلهامبەخش بۆ پارێزگاکانی دیکە. خۆرسەند هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کۆبوونەوەیە یەکەم هەنگاوە لە ڕێگای هاوکاریی قووڵتر و چاوەڕێ ناکرێ هەموو کێشەکان لە یەک کۆبوونەوەدا چارەسەر بکرێن؛ بەڵام ئەم سەرەتایە دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ دەستنیشانکردن و بەهێزکردنی خاڵە بەهێزەکان، تاوتوێی ئاشکرای خاڵە لاوازەکان و داڕشتنی ڕێگایەکی ڕوونتر بۆ هاوکارییەکانی داهاتوو. ئەو جەختی لە گرنگی سیستەمێکی ئیداری و بەڕێوەبردنی یەکپارچە کردەوە کە لەسەر بنەمای ڕێکوپێکی و لێپرسینەوە و متمانە بێت و کاری تەکووزی بەکۆمەڵی ڕێکخراوی وەک هۆکاری ڕەزامەندیی خودایی و سەرکەوتنی بەکۆمەڵ زانی.
پاشان مامۆستا ڕەئوف ئیسلاحجوو بەرپرسی دەستەی کارگێڕی جەماعەتی پارێزگای کوردستان ڕاپۆرتێکی تۆکمەی سەبارەت بە دۆخی پارێزگای کوردستان پێشکەش کرد. ناوبراو ئاماژەی بە پێکهاتەی ئایینی و فیکریی پارێزگاکە کرد و وتی: پارێزگای کوردستان بەهۆی هەبوونی ڕەوتی جۆراوجۆر، دەتوانێت بەستێنی کێبڕکێیەکی تەندروست لە ڕاستای گەشە و چالاکی و پێشکەوتن بێت.
ناوبراو بارودۆخی ئابووریی پارێزگای کوردستانی وابەستە بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری هەژمار کرد و کێشەکانی وەک نەبوونی ژێرخانی ئابووری، کۆچی گوندنشینی، هەژاری و گیرۆدەی بە ماددە هۆشبەرەکانی وەک زیانە گەورەکان ڕیزبەندی کرد. ئەو تواناییەکانی کولتووری پارێزگاکەی بە دەوڵەمەند دەزانی، بەڵام گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و داخستنی کتێبفرۆشییەکان و لاوازی لە خستنەڕووی وێنەیەکی هاوسەنگی کولتووری لە میدیای فەرمیدا بە بەربەستی بەردەم گەشەی کولتووری هەژمار کرد.
هەروەها لە بەشی ناوخۆی جەماعەتدا، ئیسلاحجوو کێشەکانی وەک نەبوونی پەروەردە و فێرکاری بۆ گەنجان و ژنان و لاوازیی دارایی باش کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بابەتانە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگادا کەم کردووەتەوە و وای کردووە جەماعەت بە نادیاری بمێنێتەوە بۆ خەڵک. ناوبراو تیشکی خستە سەر دەرفەتەکانی وەک بوونی بەرپرسانی ناوەندی لە پارێزگا و بەکارهێنانی بەستێنی مەجازی بۆ پەروەردە. لە کۆتاییدا ئیسلاحجوو ناساندنەوەی شوناسی جەماعەتی و جەختکردنە سەر پەروەردەی نەوەی گەنج و هاتنەدەر لە گۆشەگیری و بەڕێوبردنی هۆشیارانەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بزووتنەوەکانی دیکەدا وەک پێویستییەکی خێرا و یەکەمینی سەرەکی ئاراستە کرد.
دواتر جێگرانی جەماعەت لە پارێزگای کوردستانیش ڕاپۆرتە تایبەتەکانی خۆیان لە بەشە پەیوەندیدارەکان خستە ڕوو، کە لەلایەن جێگرانی ناوەندیی جەماعەت تاوتوێ و پێداچوونەوەیان بۆ کرا، هەروەها پێشنیاری پێویست خرانەڕوو بۆ باشترکردنی جێبەجێکردنی کار و یەکخستنی زیاتری چالاکیبەکان.
کۆبوونەوەکە لە کەشێکی دۆستانە و فەرمی، بە دوعاکردن بۆ سەرکەوتنی ئەندامان لە خزمەتکردنی ئایین و بەندەکانی خودا، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامی هەوڵەکانی بەکۆمەڵ کۆتایی هات.